وێستگه نیوز ـ
چه‌كدارێكی پێشووی داعش ئاشكرایده‌كات، هۆكاری هه‌ڵهاتنی له ده‌ستی ئەو رێكخراوە ئه‌وه‌بووه كه له‌به‌رچاویدا به‌شێوه‌یه‌كی زۆر دڕندانه ده‌ستدرێژی سێكسی كراوه‌ته سه‌ر كچه ئێزدییه‌كی 15 ساڵ.
سایتی ئێكسپرێسی بریتانی بڵاویده‌كاته‌وه، چه‌كدارێكی پێشووی داعش كه كاری پاسه‌وانی گرتوخانه‌كان بووه و لەبەر هۆكاری ئه‌منی ناوه‌كه‌ی ته‌نها به (نزار) ئاشكراكردووه، چیرۆكی دڕندایه‌تی چه‌كداره‌كانی داعشی بۆ سه‌نته‌ری نێوده‌وڵه‌تی بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی توندوتیژی گێڕاوه‌ته‌وه.
له‌و چاوپێكه‌وتنه‌دا نزار ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه، پاش گرتنی شنگال لەلایه‌ن داعشه‌وه، هه‌زاران كچی ئێزدی براونه‌ته سوریا و له‌وێدا له گرتووخانه‌كاندا دانراون و دواتر وه‌ك كۆیله‌ی سێكس فرۆشراونه‌ته‌وه.
نزار ده‌ڵێت: "كاتێك به راڕه‌وه‌كه‌دا ده‌چوومه خواره‌وه، تووشی شۆك ده‌بووم كاتێك ده‌مبینی ئه‌و هه‌موو ژنه ئێزدیه له‌و گرتوخانه‌یه‌دابوون، هه‌ندێكیان ده‌گریان".
ده‌شڵێت: "دۆخه‌كه دژوارتر بوو كاتێك چه‌كداره‌كانی داعش، بیستیان كچی دیلی دیكه‌ی ئێزدی گه‌یشتوونه‌ته گرتوخانه‌كه‌مان".
چه‌كداره‌كان به‌خۆشییه‌وه ده‌هاتن و هه‌ریه‌كه‌یان دانه‌یه‌كیان وه‌ك كۆیله‌ی سێكس بۆ خۆیان هه‌ڵده‌بژارد و ناچاریان ده‌كردن هاوسه‌رگیریان له‌گه‌ڵ بكه‌ن، ئه‌گه‌ر نا هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتن‌یان لێده‌كردن.
ده‌ڵێت، رۆژێك 10 سه‌ربازی بیانی هێنراونه‌ته گرتوخانه‌كه‌یان بۆ ئه‌وه‌ی به ئاره‌زووی خۆیان كچه دیله‌كان هه‌ڵبژێرن بۆ خۆیان، یه‌كێك له چه‌كداره‌كان سودانی بووه و كچێكی 15 ساڵی ئێزدی هه‌ڵبژاردووه.
نزار ده‌ڵێت "ئه‌و چه‌كداره سودانییه كچه‌كه‌ی بردووه‌ته ژوورێك له گرتووخانه‌كه‌دا و به‌شێوه‌یه‌كی زۆر دڕندانه ده‌ستدرێژی سێكسی كردووه‌ته سه‌ر".
ناوبراو ئاشكرایكردووه: "كچه‌كه تووشی خۆێن به‌ربوون بووە به‌شێوه‌یه‌كی زۆر خراپ، ئه‌مبوڵانسێك هات بۆ ئه‌وه‌ی بیبات، كچه‌كه دووچاری خوێنبه‌ربوونی ناوه‌وه بوو بوو، بۆیه به‌هۆی برینه‌كه‌وه گیانی له‌ده‌ستدا... ئاگاداركرامه‌وه كه هیچ له‌سه‌ر ئه‌و رووداوه باسنه‌كه‌م، وتیان "دیل هه‌ر دیله چیتان ده‌وێت له‌گه‌ڵیان بیكه‌ن".
نزار دەشڵێت "قه‌بووڵكردنی ئه‌و دۆخه زۆر قورسبوو بۆی، بۆیه پشویه‌كی سێ رۆژی وه‌رگرتووه و دواتر خۆی و هاوسه‌ره‌كه‌ی هه‌ڵهاتوون و خۆیان گه‌یاندووه‌ته توركیا و ئێستاش له‌وێ نیشته‌جێن".
http://westganews.com/dreja.aspx?=hewal&jmara=39796&Jor=1